بابه‌ته‌کان

ئاینده‌توێژی

ئاینده‌توێژی[1]

پێشەکی

خەونی زانین و ناسینی داهاتوو، خەونێکی گەورەیە کە زۆر کەسان بە درێژایی مێژوو هەوڵیان بۆ داوە. داهاتوو هەر دەم لە سازبووندایە و هەرگیز ڕاناوەستێ، مەگەر ئەوەی کات لە بزاوتن بکەوێ. ئەم هەوڵانە بۆ ناسینی داهاتوو هەر لە کۆنەوە هەندێک جار لە بیچمی کارەکانی فاڵگری غەیبزانی عەشیرەت و جاری واش لە بیچمی کاری ئەستێرەناسێکی پێشبین و بەربێژ دەرکەوتووە. بەڵام زانست و ناسینی زانستی منداڵێکی بزێو بوو کە سەری بە هەر کەلێن و قوژبنێک، هەر خەون و هەوڵێک دەکرد و لە پێوەندی نێوان ناسینی زانستی و خەونی ناسینی داهاتوو دەگەڕا کە لە ئەنجامدا بوارێکی زانینی نوێ دەرکەوت. بوارێک کە هەرچەند بە بەراورد لەگەڵ زۆرێک لە بوارەکانی تر درەنگتر سەری هەڵدا، بەڵام زۆر گشتگیر بوو. داهاتووتوێژی وشەیەکی گشتی بوو کە زۆر جاران خاڵی هاوبەشی زۆرێک لەم چەشنە ناسینە زانستییانەی داهاتوو بە ئەژمار دەهات.

داهاتووتوێژی هاوتەریبی زۆر وشەی تر وەک داهاتووبینی[2]، پێشبینی[3] و داهاتووزانی[4] بەکار دەهێنرێت، هەرچەندە لە زۆر دەقان وەک هاوتا و هاوواتا دێن، بەڵام جیاوازیگەلێکیش لە نێوانیاندا بەدی دەکرێت، جیاوازیگەلێک کە ڕەنگە زۆر بەر سەرنجی ڕای گشتی نەکەوتبێت.

لەم وتارەدا هەوڵ دەدەرێت ناساندێکی هەرچەند کورت لە داهاتووتوێژی پێشکەش بکرێت و ئەم ناساندنەش لەسەر چوار تەوەری سەرەکی واتە پێشینە، ئامانجەکان، گریمانە و ئامرازەکانی داهاتووتوێژی بنیات دەنرێت.

پێشینە

هەروا کە لە پێشەکی ئاماژەی پێ کرا، دەتوانین مێژووی هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ ناسینی داهاتوو بۆ سەردەمانێکی دوور بگەڕێنینەوە و بنەمای زۆرێک لە دابونەریتی مێژوویی لەودا بدۆزینەوە. بۆ وێنە، دابونەریتێک کە پاش لەدایکبوونی منداڵ ئەنجام دەدرێت تا داهاتوویەکی ڕوون و پڕ لە سەرکەوتنی هەبێت یا دابونەریتێک کە شەڕوانانی کۆن بۆ هێرشی سەرکەوتووانەی خۆیان بەڕێوەیان دەبرد یا بگرە پرسیارگەلێک کە فەرماندەرانی جەنگیی کۆن لە ئەستێرەناسی بەربێژ بۆ دەستنیشانکردنی کاتی گونجاوی هێرش دەیانپرسی.

بەڵام ڕاستتر وایە داهاتووتوێژی وەک ناسینی زانستی داهاتوو پێناسە بکەین و بەم شێوە ڕەنگە بۆ چالاکیگەلێکی دەگمەن تا پێش سەدەی بیستەم بتوانین ئەم وشە بەکار بهێنین. یوتۆپیاکان[5] لەم هەوڵە زانستییە دەگمەنانەن. کتێبی یوتۆپیای تۆماس مۆر[6] کە لە سەرەتاکانی سەدەی شانزەهەم و ساڵی ١٥١٦ بڵاو کرایەوە، خاڵێکی وەرچەرخان لەم جۆرە هەوڵانە دێتە ئەژمار.

جگە لە یوتۆپیاکان، بواری پێشبینیش لە هەوڵەکانی تر بۆ ناسینی داهاتوویە. پێشبینی لە ناو زانستەکاندا وشەیەکی زۆر گشتگیرە و وەک یەکێک لە قۆناغەکانی تاقیکردنەوەی بیردۆزێک[7] بەکار دێت. بەم چەشنە کە ئەگەر بیردۆزێک بۆ بارودۆخێکی تایبەت، حاڵەتێک پێشبینی بکات، ئەوا بەراوردی پێشبینی لەگەڵ بارودخی ڕاستەقینێ دەتوانێت وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ ئەو بیردۆزە بێتە ئەژمار، بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە کە ئایا بیردۆزەکە لەم تاقیکردنەوەدا، سەرکەوتوو دەبێت یا نا.

جەختکردنەوەی زۆری ئەزموونخوازان[8] لەسەر پێشبینییەکانی بیردۆز، یارمەتییەکی گەورەی بە پەرەپێدانی ئەم بوارە دا. زۆرێک لە بیردۆزەکان تا پێش لەمە تەنیا سەرقاڵی وەسفاندن و لێکدانەوەی بابەتان بوون؛ لەوە بەدوا بە ناچار دەبوو، توانای پێشبینیشیان وەگەڕ بخەن. لە نموونەی ئەمانە دەتوانین بەو چالاکییانەی لە بواری زانستی ئابووری ئەنجام دەدرا ئاماژە بکەین، چالاکیگەلێک کە بوون بەهۆی دەرکەوتن و پەرەپیدانی ئابووریپێوی[9].

بەڵام گریمانەی بنەڕەتی ئەوە بوو کە داهاتوو، داهاتوویەکی تاکانەی چەسپیو و نەگۆڕە. لە ڕاستیدا گریمانەی شاراوە لە چالاکی ئەزموونخوازان ئەوە بوو کە بیردۆزی باشتر ئەو بیردۆزەیە کە پێشبینی ڕاستتر بکات یا بە واتایەکی تر هەبوونی بیردۆزێکی باشینه کە دەتوانێت ڕووداوەکان بە بێ کەموکووڕی پێشبینی بکات.

لەگەڵ پەژراندنی ئەم بنەما کە داهاتوو بڕاوە و داسەپاو نییە و داهاتووگەلێکی جواراوجۆر دەتوانێت بپەژرێت، بواری داهاتووتوێژی سەری هەڵدا (وێنەی ١ ببینە). ئەگەرچی پێشبینی ئێستاش زۆر خاڵی جێی سەرنج و ڕچەشکێنی هەیە بەڵام لە گشت بوارەکاندا توانای هەموواندنی[10] نییە و ناسینی زانستیی داهاتوو بەپێی گریمانەگەلێکی نوێتریش ئیمکانی هەیە، گریمانەگەلێک کە لە داهاتووتوێژی ڕەچاو دەکرێت.

وێنەی١. لە پەرستگەوە بۆ داهاتووتوێژی

 

 

دەرکەوتنی داهاتووتوێژی

دەتوانین ئاماژە بە فاکتۆرگەلێکی زۆر بۆ پەرەپێدانی ئەم بوارە زانستییە نوێیە بکەین، فاکتۆرگەلێک کە ژمارەیەکیان هەڵقوڵاوی دۆخی کۆمەلایەتی بوون و بە شێوەیەکی ئامانجدار و فەرمیکراو نەبوو، و دەستەیەکی تر چالاکیگەلی ئاگادارانە و ئامانجدار بوون کە پتر لە تۆر و کۆمەڵە و ئەنجومەنەکانی داهاتووناسی دەردەکەوتن.

وەندڵ بێڵ[11] ئاماژە بە سێ فاکتۆری کاریگەر دەکات، فاکتۆرگەلێک کە وێدەچێت ئەوەندە فەرمیش نەبووبێتن:

١- چیرۆکە زانستی-خەیاڵییەکانی جول ڤێرن[12] و نووسراوەکانی ئێچ. جی. وێڵز[13]،

٢- پێکدادانە کولتوورییەکان وەک جەنگی دژ بە ڤیەتنام یا خۆپیشاندانی ڕەش پێستەکان لە دەیەی ١٩٦٠،

٣- بزووتنەوەی پشتیوانی لە ژینگە لە دەیەی ١٩٧٠ و بڵاوبوونەوەی کتێبی بەناوبانگی ئەلڤین تافلێر[14] “شۆکی داهاتوو[15]“.

ئەم فاکتۆرانە بوون بە هۆی ئەوەی تا هۆگری بۆ داهاتوو ببێت بە مۆدی ڕۆژ. چاوخشاندنێک بە سەر ئامار و ژماری پێوەندیدار بە پەرەپێدانی داهاتووتوێژی ئەم ڕاستییەمان باشتر بۆ دەردەخات:

١- لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٩ پوختەی نزیک بە ١٠ هەزار کتێب، ڕاپۆرت و وتاری پێوەندیدار بە داهاتوو لە ساڵنامەی ڕووپێویی داهاتوو[16] بڵاو کرایەوە. ئەم کتێب و ڕاپۆرت و وتارانە تەنیا ژمارەی ئەوانەن کە بە زمانی ئینگلیزی بڵاو بوونەتەوە.

٢- لە ساڵی ١٩٨٦ نزیک ٣٢٧ بڵاڤۆک لەم بوارەدا چالاک بوون.

بەڵام چالاکییە فەرمی و ئامانجدارەکان لە چوارچێوەی کۆمەڵە و ئەنجومەنەکاندا، کاریگەرییەکی زۆر گرنگیان لەسەر بواری داهاتووتوێژی دانا. هەرچەندە ژمارەی ئەم کۆمەڵ و ئەنجومەنانە زۆر بوو، بەڵام ژمارەیەکیان کاریگەریەکی ئەوەندە بەهێزیان لەم بوارەدا دانا، کە دەتوانین بڵێین مێژووی داهاتوو توێژی بە بێ ئاماژە دان بەوان بێ واتایە، واتە ئەوان نەک بەشێک لە مێژووی داهاتووتوێژی بەڵکوو بەشێک لە هەبوونی داهاتووتوێژین. گرنگترینی ئەم ڕێکخراوانە بریتین لە:

١-کلابی ڕۆما[17]

٢-کۆمەڵەی داهاتووی جیهان[18]

٣-ڕاند[19]

٤-ئەنیستیتۆی هادسۆن[20]

٥-فەدراسیۆنی داهاتووتوێژی جیهان[21].

ئامانجەکانی داهاتووتوێژی

سەرەکیترین ئامانجی داهاتووتوێژی پاراستن یا باشترکردنی خۆشبژیوی[22] مرۆڤ و توانایی بەردەوامی ژیان لە سەر گۆی زەوییە، ئەم ئامانجە سەرەکییە لە ڕێگەی توێژینەوە جۆراوجۆرەکان سەبارەت بە داهاتوو و بیری داهاتووتەوەر بەدی دێت. لەم بوارە توێژینەوەیییە هەوڵ دەدرێت تا بە ڕۆنانی داهاتووی ئەلتێرناتیڤ[23]، سێ داهاتووی خوارەوە باشتر بناسرێن:

١-داهاتووی لواو[24]

٢-داهاتووی شیمانەیی[25]

٣-داهاتووی شیاو[26]

بەم چەشنە دەبێت ئەو داهاتووە لواوانەی کە دەبن بە هۆی بەختەوەری زۆرتر یا چارەڕەشی مرۆڤ، بناسرێن؛ شیمانەییترین داهاتووەکان بناسرێنەوە و لە ئەنجامدا داهاتوویەک بناسێنرێ کە لەودا مرۆڤ بەختەوەری و خۆشبژیوی پتر بەدەست بهێنێ (وێنەی ٢ ببینە).

وێنەی٢. پێوەندی نێوان داهاتووەکان

بەم پێیە داهاتووتوێژی بە تەواوەتی بە بەها و نۆرمەکان و ئەوەی بەختەوەری و خۆشبژیوی زۆرتری لێ دەبێتەوە، دەبەسترێتەوە. لە لایەکی ترەوە، داهاتووتوێژی بە ناسینی هۆکارەکانی گۆڕانکاریش دەبەسترێتەوە. مەک هاڵ[27] سەبارەت بە ئامانجەکانی داهاتووتوێژی دەڵێت: “ئامانجی لێکۆڵینەوەکانی داهاتووتوێژی، خەریکبوون بە کاتی ئێستاوەیە”.

یەکەم؛ کردەوەیەک کە لە کاتی ئێستادا ڕوو دەدات، هەر ئەو شتەیە وا بیچم بە داهاتوو دەدات. بەم پێیە، دەبێت بۆ بارودۆخی ئێستا لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە بکرێت؛ چونکە بیرکردنەوە سەبارەت بە داهاتوو، بە گشتی لەسەر ئەم بابەتە ساغ دەبێتەوە کە ئەرکی ئێستامان بزانین و بە واتایەکی تر تێبگەین بە سەرنجدان بە بارودۆخی ئێستا و هیواکانی داهاتوو، دەبێت چ بکەین تا داهاتوویەکی باش و دڵخواز بەدی بهێنین.

دووهەم؛ بیرکردنەوە سەبارەت بە داهاتوو، ڕۆڵی “ناسینی دۆخ” دەگێڕێت؛ واتە یارمەتیمان دەدات تا بارودۆخی خۆمان لە کاتی ئێستا دەستنیشان بکەین و بزانین ئێستا لە کوێین. زۆر جاران خێرایی گۆڕانکارییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی تاکەکان لە هەمبەر ئەو شتانەی خەریکە ڕوو بدات و ئەوەی لە ڕابردووی نزیکدا ڕووی داوە، دابمێنن.

ئەگەر چوارچێوەیەکی گشتی لە جێیەک کە بوون، جێیەک کە بەرەو ئەوێ دەڕۆن و جێیەک کە دەیانەوێت بەو بگەن، لە هزری تاکەکاندا نەبێت، کاتی “ئێستا” واتا و بوونی خۆی لە دەست دەدات و ئیتر دەرک ناکرێت ( بۆ وێنە؛ ئەگەر ئێوە بزانن لیوانێک نیوە پڕە یا نیوە بەتاڵ، ئەم ئاگادارییە یارمەتیتان دەدات بزانن ئەم لیوانە هەفتەی پێشوو پڕ بووە، دوێنێ دوو لە سێی پڕ بووە، ئەمڕۆ نیوەی بەتاڵە و ڕەنگە سبەی تەواو بەتاڵ بێت. یا بە پێچەوانەوە هەفتەی پێشوو تەواو بەتاڵ بووبێت، دوێنێ یەک لە سێی پڕ کراوە، ئەمڕۆ نیوەی پڕە و ڕەنگە سبەی تەواو پڕ بێتەوە).

سێهەم؛ ئەنجامەکانی داهاتووتوێژی ئەم هەلە بۆ تاکەکان دەڕەخسێنێت ویستی ئێستای خۆیان لەگەڵ ویستی داهاتوو هەڵسەنگێنن. بۆ وێنە؛ ڕەنگە تاکەکان لە کاتی ئێستادا خۆیان لە هەندێک شت بێوەری بکەن و بە جێی ئەوە چاوەڕێی گەیشتن بە ئاواتگەلێک بن کە هەرگیزیش پێی نەگەن.

بەپێچەوانەی ئەم بابەتەش دەکرێت؛ واتە تاکەکان هیچ بایەخێک بە داهاتوو نەدەن و بە گشتی لێی گەڕێن، لە ئەگەری ئەم حاڵەتەشدا داهاتووی خۆیان وێران دەکەن.

گریمانەکانی داهاتووتوێژی

وەندڵ بێڵ توانیویەتی بە سەرنجدان و وردبینی ناوازەی خۆیەوە، گریمانە داڕێژراوەکانی داهاتووتوێژی لە چوارچێوەی پێرستێکی گشتگیر ڕێک بخات. ئێمە لەم بەشەدا پوختەیەکی ئەم گریمانانە دەخەینە بەر باس:

ئا- گریمانە گشتییەکان: ئەم گریمانانە لایەنی گشتی و هەمەکییان هەیە و لە زۆر بواری زانستی تریشدا بەکاریان دەهێنن.

ب- گریمانە تایبەتەکانی داهاتووتوێژی: گریمانەگەلێک کە تایبەتی ئەم بوارەیە، هەرچەندە ڕەنگە لە بوارەکانی تریشدا هەبن بەڵام لە ڕیزی بڕواکانی داهاتووتوێژین.

گریمانە گشتییەکان:

١-تاکەکان بە دوای پڕۆژەکانی خۆیانەوەن؛ ئەوان بوونەوەرێکی چالاک، خاوەن بڕیار و ئامانجخوازن، بۆخۆیان پرۆژەگەلێکیان داڕشتووە و لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ پێ گەیشتنیانن.

٢- کۆمەڵگە پێکهاتووە لە:

ئا) نموونەگەلێکی دووپاتە لە ئاکاری تاکەکان لە هەمبەر یەکتر

ب) ئاڵوگۆڕی ئاسایی و بەرنامەگەلێک لە چوارچێوەی کات، شوێن[28]، بیرەوەرییەکان، ئاوات و هیوا و دڵەڕاوکێ لە هەمبەر داهاتوو و بڕیاردانی تاکەکان بیچم دەگرێت.

کۆمەڵگە لە کردەوە[29]، کاردانەوە[30] و کارلێکی[31] ڕۆژانەی تاکەکان پێک دێت و پێک دەهێنرێتەوە.

گریمانە تایبەتەکانی داهاتووتوێژی:

٣- کات بە شێوەی یەک لایەنە و بە بێ گەڕانەوە بەرەو پێش دەڕوات.

٤- هەر شتێک لە داهاتوو بەدی دێت، حەتمەن لە ئێستا یا ڕابردوو بوونی نەبووە.

٥- بیرکردنەوە سەبارەت بە داهاتوو بۆ پێشڤەچوونی کار و چالاکییەکانی ئێستای مرۆڤ پێویستە.

٦- داهاتوو بە تەواوەتی دەستنیشانکراو و داسەپاو نییە.

٧- داهاتوو لە چالاکییە بەکۆمەڵ و تاکەکەسییەکانی مرۆڤ کاریگەری وەردەگرێت.

٨- تێگەیشتن لە داهاتوو پێویستی بە ڕوانگەیەکی گشت بین و هەمەلایەنە هەیە.

٩- ژمارەیەک لە داهاتووەکان باشتر لەوانی ترن (داهاتووی شیاو).

١٠- بۆ بینینەوەی ڕاستەڕێی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی بەسوودترین زانین، زانین و ناسین لەهەمبەر داهاتوویە.

١١- هیچ ناسینێکی تەواو لە هەمبەر داهاتوو نییە (داهاتووی لواو).

ئامرازەکانی داهاتووتوێژی:

جیاوازی داهاتووتوێژی لەگەڵ هەوڵ و تێکۆشانە مێژوویییەکانی تری مرۆڤ لە دەستڕاگەیشتن بە وێنەی داهاتوو، لە ڕێبازی زانستی داهاتووتوێژیدا بوو. داهاتووتوێژی زانینێکی زانستی[32] بوو و لەم ڕووەوە لە ڕێبازدۆزی[33] زانستی سوودی وەردەگرت. ئامرازەکانی داهاتووتوێژی ئەو ڕێبازە زانستییانە بوون کە بە کەڵکوەرگرتن لەوان مرۆڤ دەیتوانی ناسینێکی  زانستییانە تر لە داهاتوو بەدەست بهێنێ.

ڕەچاوکردنی ئەم خاڵانە سەبارەت بە ئامرازەکانی داهاتووتوێژی گرنگن:

١-هەرچەندە میتۆدەکانی تایبەتی داهاتووتوێژی وەک دیلفی[34] یا سناریۆ[35]، بە دەستی داهاتووتوێژانی بەناوبانگ داهێنران، لێ هەنووکە لەم میتۆدانە لە بوارەکانی تری زانستە کۆمەڵایەتییەکانیش سوود وەردەگرن. بەم پێیە دیلفی ئیتر ئامرازی تایبەتی داهاتووتوێژی نییە و وەک میتۆدێکی زانستی گشتی بۆ توێژینەوە دەناسرێت.

٢- میتۆدەکانی تر کە لە زانستەکانی دیکە بەتایبەت زانستە کۆمەڵایەتییەکان وەک ڕێبازی لێکۆڵینەوەی زانستی دەناسرا، هەنووکە لە داهاتووتوێژیش بەکاریان دەهێنن؛ بۆ نموونە میتۆدەکانی زنجیرەی کاتی[36]، پێوان[37]، پانێل[38]، مۆدێلسازی[39] و هاوشێوەسازی[40] و هەتد لە داهاتووتوێژی بە شێوەیەکی بەربڵاو بەکار دە‌هێنرێن.

٣- لەو ڕووەوە کە لە نێرینە کێشەکییەکان(ڕێساییەکان)[41]، داهاتووی باشینە دەخولقێندرێت، بەم پێیە لە هەموو شێوازەکانی داهێنەریەتی وەک ئامرازی داهاتووتوێژی سوود وەردەگیردرێت.

٤- لە چالاکی و بەرنامەکانی داهاتووتوێژی تەنیا لە یەک میتۆد سوود وەرناگرن و هەوڵ دەدرێت ئاوێتەیەکی گونجاو لە میتۆدەکان ڕەچاو بکرێ.

سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بابه‌ته

سەرچاوەکان:

Lindgren، Mats، and Hans Bandhold.(2009). Scenario Planning The link between future and  strategy. Mats Lindgren and Hans Bandhold.

 Pillkahn, Ulf (2008), Using Trends and Scenarios as Tools for Strategy Development. Publicis KommunikationsAgentur GmbH، GWA، Erlangen.

R.A. Slaughter (1996), New Thinking for a New Millennium, Routledge: London.

[1] . Futures Studies

[2] . Foresight

[3] . Forecasting

[4] . Futurology

[5] . Utopia

[6] . Thomas More

[7] . Theory

[8] . Experimentalists

[9] . Econometrics

[10] . Generalization

[11] . Wendell Bell

[12] . Jules Verne

[13] . H.G. Wells

[14] . Alvin Toffler

[15] . Future Shock

[16] . Future Survey Annual

[17] . Club of Rome

[18] . World Future Society

[19] . RAND

[20] . Hudson Institute

[21] . World Futures Studies Federation

[22] . Welfare

[23] . Alternative Future

[24] . Possible Future

[25] . Probable Future

[26] . Preferable Future or Desired futures

[27] . McHale

[28] . Place

[29] .Action

[30] . Reaction

[31] . Interaction

[32] . Scientific Knowledge

[33] . Methodology

[34] . Delphi method

[35] . Scenario

[36] . Time Series

[37] . Survey

[38] . Panel

[39] . Modeling

[40] . Simulation

[41] . Normative Approach

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

Back to top button
error: Content is protected !!
Close