Dr. Kamaran Hassan Posts

ژیانی ئێمە لە ساڵی ٢٠٥٠ و پێویستییەکانی پەروەردەیی

دوکتۆر کامه‌ران حه‌سه‌ن

ژیانی ئێمە لە ساڵی ٢٠٥٠ و پێویستییەکانی پەروەردەیی

نوڤال نوح هەراری

وەرگێران: کامەران حەسەن

دکتۆرای پیشەیی بەڕێوەبردنی کار

لەگەڵ گەشەی گۆڕانکاری، ڕەنگە بنەمای مرۆڤایەتی گۆڕانی بە سەر بێت و پەیکەرەکانی جەستەیی و درککردن بتوێتەوە.

ئەگەر ئەمساڵ منداڵەکەتان لە دایک بێت، لە ساڵی ٢٠٥٠ دا تەمەنی دەبێتە ٣١ ساڵ، بە دڵنیاییەوە هیوایەتان ئەوەیە پەروەردەیەکی باش، کارێکی باش و ژیانێکی ئاسوودەی هەبێت، زۆر ئاساییە کە هەوڵ دەدەن ڕێگەی ژیانی پێ فێرکەن. بەڵام یوول نوا هێراری[1] مێژوو نووس و نووسەری کتێبی مرۆڤی ژیر[2]، لە سەر ئەم بڕوایەیە کە باشترین یارمەتیتان بۆ منداڵەکانتان ئەمەیە کە نەهێڵن گوێ لە قسەکانتان بگرن. چونکە جیهانی ئایندە ئەوەندە لە گۆڕاندایە کە حیکمەتەکانی ئێستا بۆ ئەو سەردەمە بێ سوودە.

واز لە بەرنامە داڕشتن بێنن، باشترین توانایی کە پێویستە منداڵەکانتان فێر بن، سەر لە نوێ داڕشتنی خۆیانە[3]. نووسەری کتێبی مرۆڤی ژیر لە کتێبە تازەکەی دەڵێت کە ساڵی ٢٠٥٠ چی بۆ مرۆڤی هەیە.

تەنها شتێک کە لێ دڵنیایین، پرەنسیپی نا دڵنیاییە. مرۆڤ ڕوبەرووی کۆمەڵێک شۆرش دەبێتەوە، تەواوی ڕیوایەتە کۆنەکانمان تێکدەشکێن و هەتا ئێستا هیچ ریوایەتێکی تازە سەریهەڵنەداوە کە جێگەی بگرێتەوە. چۆن دەتوانین بۆ خۆمان و منداڵەکانمان بۆ جیهانێک ئامادە بکەین کە ئەوەندە لە گۆڕانکاری و نادڵنیایی بنیاتییە؟ منداڵێک کە ئەمرۆ لە دایک دەبێت، ساڵی ٢٠٥٠ تەمەنی سی و یەک ساڵە، ئەگەر هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەبچێت، ئەم منداڵە لە ساڵی ٢١٠٠ دا هێشا ماوە و ڕەنگە هاوڵاتی سەدەی بیست و دووەم بێت. دەبێ چی فێری ئەم منداڵانە بکەین هەتا بتوانن لە ساڵی ٢٠٥٠ یان سەدە بیست و دووەم دەرباز بن؟ ئەم کوڕ و کچانە پێویستیان بە چ توانایەکە بتوانن کار پەیدا بکەن، لە ژینگەی خۆیان تێبگەن و ڕێگەی خۆیان لە هەزاران ڕێگە بدۆزنەوە؟ چونکە کەس نازانێ ساڵی ٢٠٥٠ چۆنە، تا چ بگاتە ٢١٠٠، بە داخەوە وەڵامی ئەم پرسیارانە نازانین، هەرچەندە مرۆڤ هەرگیز نەیتوانیوە ئایندە بە وردی پێشبینی بکات. بەڵام ئەمڕۆکە پێشبینی دژوارتر لە ڕابردوو بووە، چونکە تەکنەلۆجیا کاتێک ئەم توانایی ئەندازیاری لەش، مێشک و هزرمان پێ دەبەخشێت ئیتر هەرگیز ناتوانین بە دڵنیاییەوە لە بارەی بابەتەکان ( تەنانەت ئەو شتانەی کە پێمان وایە ئەزەلی و ئەبەدین)  بدوێین.

هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە ساڵی ١٠١٩ دا، مرۆڤەکان شتێکی ئەو و تۆیان لە سەر ئایندە نەدەزانی، بەڵام پێیان وا بووا کە بڕیار نییە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بگۆردرێت. ئەگەر لە ساڵی ١٠١٩ لە وڵاتی چین بژیابان دەتانزانی ڕەنگە لە ساڵی ١٠٥٠ ئیمپراتۆری سانگ بروخێت، یان خیتانەکان لە باکوورەوە هێرش بێنن، نەخۆشییەکان هەزاران کەس بەکوشت بدات، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتانزانی کە لە ساڵی ١٠٥٠ دا زۆربەی خەڵک جوتیار و گاوان دەمێننەوە، فەرمانرەواکان بۆ سوپاکانیان پێویستیان بە کەسەکان هەیە، پیاوساڵارییە، هیوای ژیان هەر نزیکەی ٤٠ ساڵە و لەشی مرۆڤ هەر بەم شێوەیە دەمێنێتەوە.

کە واتا دایک و باوکانی هەژاری چینی لە ساڵی ١٠١٩ دا منداڵەکانیان فێری چاندنی برنج و هەورێشم چنین دەکرد، دەوڵەمەندەکان کوڕەکانیان فێری خوێندنی دەقە کۆنەکانی کۆنفسیوس و خۆشنووسی و ئەسپواری دەکرد، کچەکانیان فێری ئەوە دەکرد کە چۆن بتوانن هاوسەرێکی باش بۆ مێردەکانیان بن، زۆر ڕوون بوو کە لە ساڵی ١٠٥٠ پێویستی بەم تواناییانە بوو.

لە بەرامبەر دا، ئەمڕۆکە هیچ وێنایەکمان لە چین یان وڵاتانی دیکەی ساڵی ٢٠٥٠ دا نییە. نازانین مرۆڤەکان بۆ ژیانەوەی خۆیان چی دەکەن، نازانین شێوازی سوپاکان چۆنە، هەروەها نازانین پەیوەندی نێوان دوو رەگەزی جیاواز چۆن دەبێت. ڕەنگە تەمەنی هەندێک کەس زۆر بێت و لەشی مرۆڤ بە هۆی تەکنەلۆجیای زیندەوەری و میانگیرەکانی نێوان مێشک و کۆمپوتەرەکان گۆڕانکارییەکی زۆری بە سەردا بێت. زۆربەی ئەوشتانەی کە منداڵەکانی ئەمرۆ فێر دەبن بە کەڵکی ساڵی ٢٠٥٠ نایەت.

هەر ئێستاش زۆربەی قوتابخانەکان هەوڵیان بۆ خەزن کردنی زانیارییەکانە. ئەم کارە پێشتر لۆژیکی بوو چونکە زانیاری دەگەمەن بوو و زانیارییەکان بە شێوەی دڵۆپەیی دەگەیشتە مرۆڤەکان. ئەگەر لە ساڵی ١٨٠٠ دا لە یەکێک لە گوندەکانی مەکزیک دا بژیابان، زۆر زەحمەت بوو زانیاری لە سەر جیهان بە دەست بێنن، نە ڕادیۆیەک هەبوو، نە تەلەفزیۆنێک و نە ڕۆژانامە و کتێبخانەیەکی گشتی. تەنانەت ئەگەر خوێندەوار بوایان و کتێبخانەیەکیش لە نزیکتان بوایا جگە لە کتێبی ڕۆمان  و کتێبی ئاینی زۆرترتان دەست نەدەکەوت. ئیمپراتۆری ئیسپانیا سانسۆرێکی زۆری لە سەر کتێبەکانی دانا بوو، تەنها مۆڵەتی دەدا کەمە زانیارییەکی هەڵبژێردراو لە دەرەوە بێت، ئەگەر لە وڵاتێکی دیکە وەک ڕوسیا یان تورکیا و هیندستانیش بوایان هەر بەم شێوەیە دەبوو.

کاتێک قوتابخانەکانی مۆدێرن دروست بوون و مندڵەکانیان فێری خوێندن و نووسین دەکرد ڕاستییەکای سەرەکی لە بارەی جۆگرافیا و مێژوو و زیندەوەرزانیان دەگواستەوە و نوێنەری پیشکەوتنێکی گەورە بوون.

لە بەرامبەر دا، لە سەدە بیست و یەکدا قەبارەیەکی زۆر لە زانیاری لە سەر سەرمانە و تەنانەت سانسورچیەکانیش ناتوانن پێشی بگرن، لە بەرامبەردا، خەریکی بلاوکردنەوەی زانیاری هەڵەین و سەرنج لە بابەتە لاوەکییەکان دەدەین. ئەگەر لە شارێکی مەکزیک دا دەژین و مۆبایلێکی زیرەکتان پێ بێت، خوێندنی ویکیپیدیا، بینینی وتارەکانی تێد و خولی بە خۆرایی خەریکتان دەکات. شاردنەوەی تەواوی زانیارییەکان لە بەرنامەی هیچ کام لە حکمەتەکان دا نییە. بەڵام لە لایەکی ترەوە، چڕ بوونی خەڵکی ئاسایی بە راپۆرتە دژبەیەکەکان و زانیاری هەڵە جێگەی نیگەرانییە.

تەواوی خەڵکی جیهان لەگەڵ دوایین بوردومانەکانی سوریا و توانەوەی بەستەلەکەکانی جەمسەرەکانی باکوور، تەنها یەک کیلیک مەودایانە، بەڵام گێڕانەوەی جیاواز جیاواز ئەوەندە زۆرە کە ئەستەمە بزانین کامەیان دروستە. جگە لەمە زۆربەی بابەتەکان وەک سیاسەت، زانست لە مەودای چەند کلیکی دان کە بە هۆی ئاڵۆزی ڕادەبەدەر رەنگە  وازیان لێ بێنین  و ڕوو لە بینی ڤیدیۆی فەرخە پشیلەیەک بکەین، یان بەدوای قسە و قسەلۆک لە سەر سێلەبریتییەکان و فیلمە پۆرنەکان بکەوین.

لە جیهانێکی وا، زانیاریی دوایین بابەتە کە مامۆستاکان دەبێ فێری قوتابیەکان بکەن، هەر ئێستاش قوتابیان ڕادە بەدەر زانیاریییان هەیە، بەڵام لەجاتی ئەمە پێویستە منداڵەکان فێری تێگەیشتن لە زانیارییەکان، توانای جیاوازکردنەوەی بابەتە گرنگەکان لە ناگرنگەکان بکرێن. جگە لەمەش وردە زانیارییەکان کۆبکەنەوەو  بتوانن وێنایەی گشتی لە جیهان دروست بکەن.

لە ڕاستی دا ئەم کارە هیوایەتی پەروەردەی لیبرالیسمی ڕۆژئاوا بوو، بەڵام زۆربەی مامۆستاکان پێیان وا بوو کە پێویستە بە تێکردنی زانیاری لە مێشکی قوتابیان وا بکەن سەربەخۆ بن.

کاتێکی زۆرمان بەردەست نییە، بڕیاردانەکانی ئەم چەند دەساڵەیەمان، روخسار و شێوازی بنەماکانی ژیان دەستنیشان دەکات، بڕیارەکانمان دەبێ بە پێ جیهانبینی ئەم سەردەمە بێت. ئەگەر ئەم نەوەیە دیدگایەکی گشتگیریان لەسەر جیهان نەبێت، ئایندەی جیهان دەکەوێتە دەست قەزا و قەدەر.

جگە لە زانیارییەکان، چالاکی سەرەکی زۆربەی قوتابخانەکان ئەمەیە کە کۆمەڵێک لە توانا تایبەتەکان فێری قوتابیان بکەن، وەک بەرنامە نووسین بۆ کۆمپیتەر بە زمانی c++ ، شیکردنەوەی کیمیاوی لە ناو تاقیگاکان، یان قسەکردن بە زمانێکی بیانی. بەڵام هیچ وێنایەکی ڕوونمان لە دۆخی بازاری کارمان لە ساڵی ٢٠٥٠ دا نییە، بە ڕاستی نازانین خەڵکی ئەو سەردەمە پێویستی بە چ تواناییەکە. رەنگە زۆر هەوڵ بدەین منداڵەکانمان بە زمانی c++ بەرنامە بنووسن یان بە چینی قسە بکەن، ئەگەر هاتوو لە ساڵی ٢٠٥٠ بزانین زیرەکی دەستکرد[4] دەتوانێت زۆر باشتر لە مرۆڤ، بەرنامە بنووسێت یان سافتوێرێکی تازەی وەڕگێرانی گوگل یارمەتیمان بدات بتوانن بە بێ هیچ گرفتێک بە باشترین شێوە بە زمانەکانی دیکە قسە بکەن. کەواتا چی فێری منداڵەکانمان بکەین؟

زۆربەی شارەزایانی بواری پەروەردە دەڵێن قوتابخانەکان دەبێ بەرەو چوار سییەکان[5] بروات: بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، پەیوەندی، هاوکاری و داهێنان. بە دەستە واژەیەکی دیکە، دەبێ واز لە توانا تەکنیکییەکان بێنین و لە سەر توانا چەند مەبەستیەکان[6] تەرکیز بکەین. گرنگترینیان توانایی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانە، فێربوونی بابەتە تازەکان و هاوسەنگی ڕاگرتنی دەروونی لە دۆخە نائاشناکان. بۆ ئەوەی کە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ جیهانی ٢٠٥٠ دا بەرەو پێشەوە بڕۆین، تەنها بەرهەمهێنانی بیرۆکەی تازە و بەرهەمی تازە کەفایەت نییە، بەڵکوو دەبێ بە بەردەوامی خۆتان نوێبکەنەوە[7]. بە هۆی خێرایی گۆڕانکارییەکان، نە تەنها ئابووری، بەڵکو بنەمای شوناسی مرۆڤایەتیش ڕەنگە بگۆڕدرێت. لە ساڵی ١٨٤٨، مانێفێستی کۆمۆنیست بڵاوی کردەوە کە هەرشتێک کە سەقامگیر و پایایە، دەبێتە خۆلەمێش و لە ناو دەچێت. مێژوو کە بگاتە ساڵی ٢٠٤٨، پەیکەرەی لەش و شوناسیش دەبیتە خۆلەمێش و دووکەڵ.

لە ساڵی ١٨٤٨ دا، ملیۆنان کەس لە گوندەکان بێکار بوون و بەرەو شارەکان کۆچیان کرد هەتا لە کارخانەکان کار بکەن. بەڵام کاتێک کە دەگەیشتنە شارەکان ڕەگەز خۆیان نەدەگۆڕی یان هەستی شەشەمیان بەدەست نەدەهێنا، ئەگەر کارێکیان لە کارخانەیەکی ڕستن و چنین دەستبکەوتبایە، وا چاوەڕوان دەکرا هەتا کۆتایی ژیانیان لە هەمان کار بەردەوام بوایان.

مێژوو کە بگاتە ساڵی ٢٠٤٨، ڕەنگە خەڵکانێک ناچار بن لەگەڵ کۆچ بۆ جیهانی مەجازی[8] یان لەگەڵ ناسنامەیەکی ناجێگری[9] ڕەگەزی، لەگەڵ ئەزموونی هەستیاری تازە بە هۆی ئێمپلێنتەکانی کۆمپیتەری خۆ بگۆنجێنن.

ئەگەر دیزاینکردنی مۆدەکان دەقە بە دەقە بۆ یاریەکی ڕاستی مەجازی[10] سێ ڕەهەندی کار و واتایەک پەیدا بکات، لە ماوەی یەک دەیە ڕەنگە زیرەکی دەستکرد نە تەنها جێگرەوەی ئەم کارە بێت بەڵکو هەموو ئەو کارانەی کە پێویستیان بەم ئاستە لە هونەر و داهێنان هەیە، داگیریان بکات.

کە واتا لە تەمەنی ٢٥ ساڵی دا لە وێب سایتەکی تایبەت بە پەیدا کردنی هاوسەر خۆتان بەم شێوەیە دەناسێنن:

ژنێکی جیاڕەگەزخوازی[11] بیست و پێنج ساڵەی دانیشتووی لەندەن کە لە دوکانێکی مۆد کار دەکات، کە بوو بە ٣٥ ساڵ دەڵێ: مرۆڤێک بە بێ ڕەگەزی دیاریکراو کە لە حاڵەتی پرۆسەی پیادەسازی تەمەنە، زۆربەی چالاکییەکانی هەستی و پێزانینی مێشکی لە جیهانی مەجازی New Cosmos تێدەپەڕێت، و ئەرکی ژیانی ئەمەیە بڕواتە شوێنێک کە هیچ دیزاینەرێکی مۆد پێی نەگەیشتووتە ئەو شوێنە. کاتێک دەبێتە ٤٥ ساڵان، پەیدا کردنی هاوسەر و پێناسەکردنی خۆد باوی نەماوە. دادەنیشن هەتا ئەلگۆریتمێک، هاوسەرێکی بێ کەم و کوڕیتان بۆ پیدا بکات یان دروستی بکات. ئەلگۆریتمەکان ئەوەندە لە ئێوە پێشدەکەون کە ڕوانین لە دەستکەوتەکان چەند دەیەی ڕابردوو زۆرتر هۆکاری سەرشۆری و شەرمسارییە هەتا شانازی. لە تەمەنی ٤٥ ساڵی دا هێشتا چەند دەیە بۆ گۆرانکاری ڕادیکالی لە بەردەمتان ماوە.

تکایە وا بیرنەکەنەوە کە ئەم سیناریۆیە دەقاودەق بەم شێوەیە ڕوودەدات، هیچ کەس ناتوانێت پێشبینی وردی لەسەر گۆرانکارییەکانی ئایندە بکات. هەر سیناریۆیەکی دیاریکراو کە پێشکەش دەکرێت، ڕەنگە لەگەڵ ڕاستیەکان زۆر دوور بێت. ئەگەر کەسێک باسی نیوەی سەدەی بیست و یەکتان بۆ بکات وەک چیرۆکێکی زانستی خەیالی، رەنگە وێنایەکی نادروست پێشکەش بکات، بەڵام ئەگەر کەسێک نیوەی سەدە بیست و یەکتان بۆ باس بکات کە وەک چیرۆکێکی زانستی خەیاڵی نەبێت بە دڵنیاییەوە وێنایەکی نادروست پێشکەش دەکات. لە بارەی وردەکارییە تایبەتەکانی ئەو کاتە ناتوانین دڵنیا بین، بەڵام گۆڕانکاری تەنها ئەمری واقعی ئەو کاتەیە.

ئەم گۆڕانکارییە ڕیشەییانە دەبێت شاکەلەی ژیان بگۆڕێت وەک لەیەکترازانێک، کە بەرچاوترین تایبەتمەندی ژیانە. لە ڕۆژی ئەزەل، ژیان دوو بەش بووە، بەشی یەکەم فێربوون بووە و بەشی دووەم کار. لە بەشی یەکەم هەر کەسێک هەوڵ بۆ کۆکردنەوەی زانیاری دەیدا هەرچەندە ئەگەر کاریشی بکردابایا هەر لە تەنیشتی خەریکی فێربوون بوو، بۆ نمونە کوڕێکی تەمەن ١٥ ساڵ لە جاتی بڕواتە قوتابخانە لە سەر زەوی کاری دەکرد، گرنگترین ئەرکی فێر بوون بوو، کە چۆن کشتوکاڵ بکات و چۆن لەگەڵ دەڵالەکان مامەلە بکات و چۆن بۆ دابەشکردنی ئاو دانوستان بکات. لە نیوەی دووەمی ژیانی، بە پشت بەستن بە تواناکانی ژیانیان بە سەر دەبرد، هەرچەندە ڕەنگە لە تەمەنی پەنجا ساڵیش شتێکی تازە فێر ببێت بەڵام ئەم شتانە وردەکاریەک بوون لە چاو توانا گشتییەکان دا.

لە نیوەی دووەمی سەدەی بیست و یەکدا، گۆڕانکارییە خێراکان لەگەڵ تەمەنی زۆر ئەم شێوازە تەقلیدیانە لە ناو دەبات. ژیان لە خاڵی بە یەک بەستنەکان لەیەک هەڵدەوەشێت و بەردەوامی ماوە جۆراجۆرەکانی ژیان ڕۆژ لە دوا ڕۆژ کەمتر دەبێت. پرسیاری من کێم؟ ئەوەندە پێویست و ئاڵۆز دەبێت کە پێشتر نەمانبینیوە.

ئەم دۆخە ڕنەگە دڵەڕاوکەمان بۆ دروست بکات، چونکە گۆڕانکاری هەمیشە دڵەراوکەی لەگەڵە، زۆربەی کەسەکان لە دوای تەمەنێکی دیاریکراو ئیتر گۆڕانکاریان بە دڵ نییە. کاتێک تەمەنتان پانزە ساڵە، ژیانتان پڕە لە گۆڕانکاری، لەشتان گەورە دەبێت، هزرتان گەشە دەکات، پەیوەندییەکان قوڵتر دەبێت، هەموو شتێک لە گۆڕانکاری خێرایە، هەموو شتەکان تازەن. خەریکی داڕشتنی خۆتانن. ئەم دۆخە بۆ زۆربەی نەوجەوانان ترسناکە، بەڵام لە هەمان کاتدا پڕە لە هەیەجان.

دیدگا گەلێکی زۆر لە بەردەمتانە، تەواوی جیهان چاوەڕێیە کە لە سەری زاڵ بن. لە تەمەنی پەنجا ساڵی دا، گۆڕانکاریتان ناوێ، زۆربەی کەسەکان واز لە سەرکەوتن و زاڵ بوون لە سەر جیهان دێنن. لە فیلانە شوێن بووم، فیلان کارم کرد، جلی جۆراجۆرم کڕی، بەڵام ئێستا زۆرتر حەز بە سەقامگیری دەکەن. ئەوەندە لە سەر تواناکان، پیشە، شوناس و جیهانبینیتان جەخت دەکەنەوە کە ناتانەوێ لە نوێ دەست پێبکەن. هەرچەندە بۆ دروستکردنی شتێک ماندووتربووبن، دەستبەرداربوونی و دەست بە کاربوون بە کارێکی تازە ئەستەمە. هەرچەندە ڕەنگە هێشتا ئەزموونی تازە  گۆڕانکاری بچوکتان بە دڵ بێت، بەڵام زۆربەی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی پەنجا ساڵدایە، ئامادە نین پەیکەرەی قوڵی شوناس و کەسایەتیان بروخێنن و سەر لە نوێ دایڕێژن، ئەم بابەتە هۆکاری پێزانینی دەمارناسی[12] هەیە.

مێشکی گەورەساڵان نەرم ونیان تر لەو شتەیە کە پێشتر بیرمان لێ دەکردەوە، بەڵام دیسان گۆڕانخوازیی کەمترە لە مێشکی نەوجەوانێک. بەستنی دوبارەی نۆرۆنەکان و سیناپسەکان زۆر پڕ زەحمەتە. بەڵام لە سەدەی بیست و یەکدا سەقامگیری لە قازانجتان نییە. ئەگەر هەوڵ بدەن جەخت لەسەر یەک شوناس، کار یان جیهانبینی بکەن، ڕەنگە دوابکەون چونکە جیهان لێتان پێش دەکەوێت. ڕەنگە هیوای ژیان برزببێتەوە، ڕەنگە ناچار بن چەندین دەیە وەک فۆسیلێک سەرگەردان بن. بۆ ئەوەی کە سوودبەخش بن( لە لایەن ئابووری و گرنگتر لەو کۆمەڵایەتی)، تەنانەت لە تەمەنێکی وەک پەنجا ساڵی دا دەبێ توانای فێربوون و نوێکردنەوەی بەردەوامتان هەبێت.

نامۆ بوون نۆرمێکی تازەی ژیان دەبێت، ئەزموونەکانی پێشوتر ( هەروەها ئەزموونی تەواوی مرۆڤایەتی) ناتوانێت ڕێگەپێشاندەرێکی باش بێت. هەموو مرۆڤەکان و تەواوی مرۆڤایەتی دەبێ لەگەڵ کۆمەڵێک شت مامەلە بکەن کە پێشتر بوونیان نەبووە، وەک ئامێرە زیرەکە پێشکەوتووەکان، لەشی بە ئەندازیاری کراو، ئەلگۆریتمێک کە بە وردی دەتوانێت هەیەجانەکان دەستکاری بکات، گۆڕانکاری هەرێمایەتی کە دەستکردی مرۆڤە، پێویستی گۆڕینی کار لە هەر چەند ساڵێک. لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دۆخێکی بێ وێنە دا، کاری دروست چییە؟ لە لافاوەکانی زانیاری دا، کاتێک کە هیچ ڕێگەیەک بۆ شیکردنەوەیان نییە دەبێ چی بکەین؟ لە جیهانێک کە نادڵنیایی خراپەی نییە و بەڵکوو تایبەتمەندیەتی، چۆن دەبێ بژین؟

بۆ ئەوەی کە لەم جیهانە بتوانین بمێنین و سەرکەوتوو بین، دەبێ بە قەی پێویست نەرم و نیانی دەروونیمان هەبێت و خاوەن کۆگایەک لە هاوسەنگی هەیەجانی بین. ڕەنگە پێویست بکات بە بەردەوامی واز  لەو شتەی کە بە باشی لێ شارەزان بێنن، و لەگەڵ ئەو شتەی کە بۆتان نامۆیە مامەلە بکەن، بە داخەوە ڕاهێنانی منداڵان لە سەر پاراستنی هاوسەنگی دەروونی ئەستەمترە لە فێکردنیان بە فۆرمولێکی فیزیا یان هۆکاری شەڕی یەکەمی جیهانی. تەنانەت خودی مامۆستاکان ئەو نەرم و نیانییە پێویستیەیان بۆ سەدەی بیست و یەکیان نییە چونکە بەرهەمی پەروەردەی کۆنن.

لە شۆرشی پیشەیی دا، بیردۆزی هێڵی بەرهەم هێنان لە بواری پەروەردەیی پێ بەخشین. لە نێوان شاردا، بینایەیکی کۆنکرێت هەیە کە خاوەن چەندین ژوورە، ژوورەکان کۆمەڵێک کورسی لێیە و بە دەنگی جەرەس سی منداڵی هاو تەمەن لە ژوورەکان دادەنیشن و گەورە ساڵێک دێتە ژوورەوە و دەست بە قسەکردن دەکات، یەکێک لە بارەی شێوی زەویی قسە دەکات و یەکێک لە سەر مێژووی بەشە و ئەوی تر لە سەر لەشی مرۆڤ.

دەبین کە ئەم مۆدێلە چەند پێکەنیناویە، سەرە ڕای دەستکەوتەکانی بەڵام بۆ ئەمرۆکە ماوە بە سەرچووە، بەڵام هەتا ئێستاش هێشا بەدیلێکمان بۆ دروست نەکردووە. جێگرە پیشنیارکراوەکانی ئەوەندە شیاوی باوکردن نین کە جگە لە شوێنە دەوڵەمەدنەکانی کالیفۆرنیا بتوانین لە گوندەکانی مێکزیکش پیادەسازی بکەین.

باشترین ئامۆژگاری بۆ نەوجەوانانی تەمەن پانزە ساڵ کە لە قوتابخانەکانی کۆنی مەکزیک و هیندوستان و ئالاباما گیریان خواردووە ئەمەیە کە: زۆر پشت بە گەورەسالان نەبەستن، زۆربەیان ویستێکی خێرخوازیان هەیە، بەڵام لە جیهان تێناگەن. لە ڕابردوو پەیڕەوی کردن لە گەورەساڵان شتێکی باش بوو چونکە کەم یان زۆر جیهانیان دەناسی و گۆڕانکارییەکان خاو بوون. بەڵام  سەدەی بیست و یەکدا جیاوازە. بە هۆی خێرایی گۆڕانکارییەکان هیچ کاتێک نازانن کە قسەی گەورەسالان حیکمەتێکی ئەزەلی و ئەبەدییە یان تەنها لایەنگیریەکی باونەماوە.

کە واتا پشت بە چی ببەستین؟ تەکنەلۆجیا؟ ئەم قومارە لەوەی پێشو مەترسیدارترە. تەکنەلۆجیا دەتوانێ زۆر یارمەتیمان بدات، بەڵام ئەگەر لە سەر ژیانمان زاڵ بێت ڕەنگە ببین بە بارمەتەی بەرنامەکانی. مرۆڤ هەزاران ساڵ لەمەوبەر کشتوکاڵی داهێنا، بەڵام ئەم تەکنەلۆجیایە تەنها چینێکی بچوکی کۆمەڵگای دەولەمەند کرد، لە کاتێکدا زۆربەی مرۆڤەکانی کردە کوێلە. زۆربەی خەڵک دەیانبینی کە لە بەیانیەکی زوو هەتا ئێوارە خەریکی چاندن و ئاودێری و دوورین لە بەر هەتاوێگی گەرم بوون. ئەمەش دەتوانێ بۆ ئێوەش روو بدات.

تەکەنەلۆجیا خراپ نییە، ئەگەر بزانن لە ژیاندا بە دوای چیدادەگەڕێن، تەکنەلۆجیا دەتوانێت یارمەتیتان بدات هەتا بە دەستی بێنن. بەڵام ئەگەر هاتوو نەزانن لە ژیاندا بە دوای چیدا دەگەڕێن، تەکنەلۆجیا با ئاسانی دەتوانێ ئامانجتان بۆ دیاری بکات و کۆنترۆڵی ژیانتان بکەوێتە دەستی. بە تایبەت لە ئێستادا کە تەکنەلۆجیا لە تێگەیشتنی مرۆڤەکان سارەزاتر دەبێت، ڕەنگە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زۆرتر لە خزمەتی تەکنەلۆجیا بن هەتا ئەو لە خزمەتان بێت. زۆمبیەکانتان بینیوە کە سەریان لە ناو مۆبایلە زیرەکەکانە و لە شەقامەکان پیاسە دەکەن؟ بە ڕای ئێوە ئەوان تەکنەلۆجیایان کۆنترۆل کردووە، یان بە پێچەوانە ، تەکنەلۆجیا ئەوانی کۆنترۆڵ کردووە؟

ئێستا دەبێ پشت بە خۆتان ببەستن؟ ئەم پرسیارە بە کەلکی ئەنیمەیشنی ” شەقامی سسێمی” یان فیلمە کۆنەکانی دیزنی دێت، بەڵام لە ژیانی ڕاستەقینە دا بێ سوودە. تەنانەت دیزنیش لەوە تێگەیشتووە. زۆربەی خەڵک، وەک ڕایلی ئەندرسۆن لە ئەنیمەیشنی دەررونی دەرەوە[13]، دوورە کە خۆیان بناسێن، کاتێک هەوڵ دەدات گوێ لە خۆیان بگرن بە ئاسانی دەکەونە داوی فێلەکانی دەرەوە. ئەو دەنگەی کە لە مێشکمانە هیچ کاتێک جێمتمانە نییە چونکە هەمیسە زایەلەی پرۆپاگاندای حکومەت، مێشک شۆردنی ئایدۆلۆژیکی و ڕێکلامەکانە، ئیستاش دەستکاری بایۆکێمستریش[14] هاتووتە کایەوە.

هەتا بایۆتەکنەلۆجیا و فێربوونی ماشینەکان[15] پیشدەکەوێت، دەستکاری قوڵی هەیەجانەکان و ویستەکانی خەڵکیش ئاسانتر دەبێت، و بە دوای دڵ ڕۆیشتن مەترسیدارتر دەبێت. کاتێک ئامازۆن، کوکاکۆلا، بایدۆ یان حکومەت دەزانی کە چۆن ئەوساری دڵتان بە دەستەوە بگرێت و دوکمەی مێشکتان داگرێ، ئایا دیسان دەتوانن جیاوازی دانن لە نێوان خۆدی خۆتان لەگەڵ شارەزایانی مارکێتینگیان؟

بۆ سەرکەوتن لەم کارە پڕمەترسیە، دەبێ زۆر هەوڵ بدەن هەتا سیستمی کارپێکردنتان[16] باشتر بناسن. هەتا تێبگەن کێن و چیتان لە ژیان دەوێت. هەڵبەت ئەمە کۆنترین ئامۆژگاری مێژووە.

خۆناسین[17]، بابەتێکە کە هەزاران ساڵە فەیلەسوفەکان و پەیغەمبەرەکان هانی خەڵکیان داوە کە ڕەچاوی بکەن. بەڵام ئەم ئامۆژگارییە هیچ کاتێک بە قەدەر سەدەی بیست و یەکدا پێویست نییە، چونکە بە پێچەوانەی سەردەمی لائۆتێسە یان سوکرات، ئێستا ڕکابەری جیدیمان هەیە. کوکاکۆلا، ئامازۆن، بایدۆ و حکومەتەکان هەرهەمویان بە دوای هاککردنی ئێوەن نەک مۆبایل، نەک کۆمپیوتەرەکان و هەژماری بانکیتان بەڵکو پێشبەرکەیان هەیە بۆ هاککردنی ئێوە و سیستمی کارپیکردنی ئۆرگانیکتان. ڕەنگە گویتان لێ بوو بێت کە لە سەردەمی هاککردنی کۆمپیوتەرەکانین، بەڵام ئەم وتەیە ڕەنگە نیوەی ڕاستی دا نەبێت، بەڵکو لە ڕاستی دا ئێمە لە سەردەمی هاککردنی مرۆڤەکانین.

هەر ئیستاش ئەلگۆریتمەکانی چاودێریتان دەکەن. بەدواتانن بزانن بۆ کوێ دەڕۆن، چی دەکرن، لەگەڵ کێ چاوپێکەوتن دەکەن. بەم زووانە تەواوی هەنگاوەکانتان، هەناسەکانتان و ترپەی دڵتان دەیژمێرن. ئەلگۆریتمەکان بە پشت بەستن بە گەورە دەیتاکان و فیربوونی ماشینەکان[18]، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باشتر دەتانناسن. ئەو کاتەی کە ئەلگۆریتمەکان باشتر لە خۆتان بتاناسن، دەتوانن کۆنترۆڵتان بکەن و دەستکاریتان بکەن، ئیتر کارێکی ئەوتۆتان لە دەست نایەت. ئەو کاتە ئێوە لە ماتریکس، یان شتێک لە بابەتی نمایشی ترۆمەن[19] بەسەر دەبەن. بە هەر حال ئەمە بابەتیکی شهودییە، ئەگەر ئەلگۆریتمەکان باشتر لەو شتەی کە تێدەگەن، تێبگەن کە لە دەروونی ئێوە چی روودەدات، مەرجەعیەت دەکەوێتە دەستیان.

ڕەنگە بە سەرسورمانیەکی زۆرەوە تەسلیمی ئەلگۆریتمەکان بن و متمانەیان پێبکەن هەتا بۆ ئێوە و جیهان بڕیار بدەن. ئەگەر وایە، ئاسوودە بن و خەریکی خۆشگوزەرانی بن. پێویست ناکات هیچ بکەن، ئەلگۆریتمەکان هەموو شتێک تەرتیب دەکەن. بەڵام ئەگەر دەتانەوێ هەندێک کۆنترۆلتان لە سەر ژیانی کەسی و ئایەندەتان هەبێت، دەبی خێراتر لە ئەلگۆریتمەکان ڕابکەن، خێراتر لە ئامازۆن و حکومەتەکان، بەر لەوان خۆتان بناسن. بۆ ئەوەی کە خێراتر ڕابکەن، شت و مەکێکی زۆر هەلنەگرن. واز لە تەواوی خەیاڵە پوچەکان بێنن چونکە بارێکی گرانە لە سەر شانتان. ئایندە زۆر جیاوزترە لە درکی ئێمەدا.

[1] Yuval Noah Harari

[2] Homo sapiens

[3] Recreate

[4] Artificial Intelligence

[5] Critical Thinking, Communication, Cooperation, Creativity

[6] Multi-functional skills

[7] Regeneration

[8] Virtual

[9] Fluid

[10] Virtual Reality

[11] Heterosexuality

[12] Cognitive Neuroscience

[13] Inside Out

[14] Biochemistry

[15] Machine learning

[16] Operating System

[17] Self-knowledge

[18] Machine learning

[19] The Truman Show

Related Articles

Back to top button
error: Content is protected !!
Close